شاعیر: بەختیار زێوەر
کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر
سەرناو: شەوگاری دڵداری
لەبارەی شیعر: ١٩٤٦/١١/٠٢ سلێمانی

دیسانەوە شەو هاتەوە بۆ عاشقی غەمبار
بتلێتەوە تا ڕۆژ بە جەخاری دڵی زامار

بێچارە بناڵێنێ وەکوو بولبولی گوڵزار
پڕ سۆز و بەئازار ناکام و بەبێ یار

***

هەرچەندە وەک ئەستێرە شوناسێکی جیهانی
ئەڕوانمە ئاسمانی هیوای پڕ لە نیهانی

لێم دیار نییە بەختی منی بیمار
هەی هەی کە منی زار بەدبەختم و بێدار

***

شەوگار دە بڕۆ ڕەش لادە لە چاوم
من خۆم بە گەلێ دەردەوە باش تێوە گلاوم

تۆش هەروەکوو مێمڵ مەبەرە ڕێگری دیدار
بەس بمخەرە هاوار دڵ پەستم و دووچار

***

گوێم لێیە نزیک دەنگی نەی و عوود و سەمایە
بەزم و چەقەنە و بستە و بەستەی لەگەڵایە

ئەو شادییە لای من بووەتە شیوەنی شەوگار
بێ دیدەنی دڵدار شادی نییە یەکجار

***

ئەی دڵ کەمەکێ ئۆقرە ئەگەر بگری بەیانە
ڕۆژ بێتەوە گوڵزاری هیوای پڕ لە ژیانە

لەم تاسە و ناکامییەی ئەمشەو ئەبی ڕزگار
دەروازەیی ئەسرار ئەکرێتەوە ئەوجار